لە ناخ و دڵ و بیری هەموو باوەڕدارێ تاسەی دیداری جیلوەی جەماڵ بۆتە نزای سەر بەرماڵ، بەڵکوو ساتێک وچانێک بدا لە خزمەتی پەروەرێنی بێهاوتا، بەڵکوو دواجار زمان و گوێ بێنە گۆ و لە خەڵوەتی نیوەشەودا ئاواتی لەمێژینەی بێتە دی و لەم کەرنەواڵەدا دڵی پڕ لە شەوق و زەوقی بە تیشکی زێڕینی ئەستێرەکان نغرۆ ببێ و وێرای پیاسەیەک و هەناسەیەکی ڕوحی ئۆقرە بگرێ و بزرێنگێتەوە...!
کاتێ لە پەیڤ و پەند و تێڕوانینی هەمیشە بەهاری، باخچەی ئەدەبیاتی شیرین بەیان، داوێنە گوڵێک و یان خود قڕتالە میوەیەک لە عیشق و میراتی پڕ بەرەکەت و پیاسەیەکی حزووریانەی مەعنەوی ئیقباڵی لاهووری دەڕوانی بۆ ئیسرا و میعڕاج، مرۆڤ دەخاتە شارزریایەکی دڵاوێز و سێحرئامێز لە پێغەمبەرناسی، کاتێ ڕەخنە دەگرێ لە {عبدالقدوس گنگهی} کە لە بارەی ئیسڕا و میعڕاجەوە فەرموویەتی: قەسەم بە خوا ئەگەر من گەیشتبامە ئەم قۆناغە کە موحەممەد پێی گەیشت، ھەرگیز نەدەگەڕامەوە بۆ زەوی. ئیقباڵی لاھووری ئەڵێ: لەوانەیە لە تەواوی ئەدەبیاتی عیڕفاندا بگەڕێیت چەند ڕستە و پەیڤێکی ئاوا پەیدا کەیت کە لە دوو ڕستەدا بتوانێت، ئەو جیاوازییە گەورەی نێوان خود ئاگایی پێغەمبەرانە و خود ئاگایی سۆفیانە پەیدا بکەیت! کە بە (دوو ئاگایی جیاواز) ناوی دەبات! ئیقباڵ دەفەرموێ: ئاساییە ئەو واتە {عبدوالقدوس گنگهی} نەگەڕێتەوە چونکە گەڕانەوەی ئەو سوودێکی بۆ مرۆڤایەتی نییە، بەڵام پێغەمبەر دەگەڕێتەوە چونکە پێویستی بەشەرییەت و مرۆڤایەتییە؛ بۆ سۆفییەک گەیشتن بە ئارامی دەروونی کۆتا مەقامە، بەڵام بۆ پێغەمبەر بە ئاگاھاتنەوەی ھێزە ناوەکی و دەرونییە کە جووڵە بە دونیا دەدات، ئەم ھێزانە بە جۆرێکن کە تەواوی جیھان وەجووڵە دەخەن!
ئیقباڵ لەگەڵ بای بەیانێکی پڕ لە چێژ و مستبووندا ئەچێتەوە سەحەر و لە مەککەوە بەبێ بوراق بەشوێن بوراقدا سەرگەردی خۆشەویستی خاوەن بوراق تا قودسی ئازیز ڕاناوەستێت. عروجی ئەم بۆ لای یارە لە عروجدا علو ئەبێت چونکە بەم عروجە علووەت دەست ئەکەوێت لە علووەتی بێ عروج چاک ئەزانێت کە ناگاتە مەنزڵ. بەوەش ناوەستێ و گزنگی مانگی ئەو شەوە و شەونەمی ئەو هەورە نازدارەی ئەو شەوە دای لە دەشت و مەزرای سینە سافی و فرمێسکی ڕژا بەسەر برینی کۆنی دووری لە حەزرەتی موحەممەدٍﷺ
چون به نام مصطفی خوانم درود
از خجالت آب می‌گردد وجود
عشق می‌گوید که‌ای محکوم غیر
سینه‌ی تو از بتان مانند دیر
تا نداری از محمد رنگ و بو
از درود خود میالا نام او
واتا و وانەکانی ئایەتی ئیسـڕا«سُبْحَٰنَ ٱلَّذِىٓ أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِۦ لَيْلًا مِّنَ ٱلْمَسْجِدِ ٱلْحَرَامِ إِلَى ٱلْمَسْجِدِ ٱلْأَقْصَا ٱلَّذِى بَٰرَكْنَا حَوْلَهُۥ لِنُرِيَهُۥ مِنْ ءَايَٰتِنَآ ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلْبَصِيرُ»
واته‌: پاک و بێگه‌ردی بۆ ئه‌و زاته‌ی که شه‌وڕه‌وی کرد به ‌به‌نده‌ی خۆی له ‌شه‌وێکدا له‌ مزگه‌وتی به‌ڕێز و پیرۆزی (مه‌ککه‌) بۆ مزگه‌وتی (الاقصی) له‌ (بیت المقدس) که‌ ده‌ورووبه‌ریمان پیرۆز و فه‌ڕدار کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێندێ له‌ به‌ڵگه‌ و نیشانه‌ ڕوونه‌کانی خۆمانی نیشان بده‌ین، به‌ڕاستی هه‌ر ئه‌و بیسه‌ر و بینایه‌.
:وانەکانی ئایەت
میعڕاج: پیرۆزترین سەفەر لە مێژووی مرۆڤایەتی
ڕێبوار: پێغه‌مبه‌ری خواﷺ
فڕۆکەخانە: مزگەوتی حەرام
شوێن و جێی تێپەڕین: وڵاتی شام
شوێنی بەرزبوونەوە: مزگەوتی ئەقسای پیرۆز
خانەخوێ: خوڵقێنەری جیهان
مەبەست: بینینی هەندێک نهێنی و بەڵگە و گەورەیی پەروەردگار
دیاری‌ و سەوغاتی: ڕێزلێنان و دیتنی هەواڵەکانی ئاسمان و مەلەکووت و بردنەسەری ئاستی زانستی مرۆڤ لە گۆی زەوی، برایەتی پێغەمبەران، گەورەیی دەسەڵات و قودڕەتی خوای گەورە، پایەی نوێژ، گرینگی ئەقسای پیرۆز
شەوڕەوی ئیسڕاومیعڕاج؛ بابەتێکی هەستیار و جێ بایەخ و جێ تێڕامانە: «سبحان الذی اسری بعبدە»لەڕاستیدا شەوڕەوی، ئۆردووی تایبەتی پێغەمبەرٍﷺ و بینینی ڕووداوە گرنگەکان بوو...
میعڕاج؛ واتە ئەگەر مرۆڤ گەیشت بەو پلەوپایە، واتە گەیشتن بە حزووری پەروەردگار «فکان قوسین ٲدنی، مابەینی ئیمکان وجووبی ئەسنا فٲوحی الی عبدە ما ٲوحی وفاح ما فاح علیە فوحا» دیسان بەنەدە و عەبدی خوایە: «اسری بعبدە»نهێنی شەوڕەوی؛ بۆ ئەوە مرۆڤی باوەڕدار ئاگاداری ڕازونیازی شەوانەی بێت.!
ئامانجی شەوڕەوی میعڕاج؛ واتە پێگەیشتن و بووژانەوە و گەشەی ڕوح: «لنریە آیاتنا...»گرینگترین پەیامی ئیسڕا و میعڕاج، واتە: بەندایەتی ژێرخانی فڕین و گەیشتن بە ئاسوودەیی دڵ و دەڕوون، کە بێ دوورکەوتنەوە لە ڕەوشتی قێزەون، ناگەینەوە ئەو ئامانجە کە: یەکێک لەو خاڵە جەوهەرییەی پێغەمبەر شانازی پێوە دەکرد ناوبردنی بە وشەی "عبد "بوو...شەمسی تەبریزی دەڵێت: شوێنکەوتنی پێغەمبەر ئەوەیە کە پێ بە پێ ئەو بی تاکوو دەگەی بە میعڕاج، واتە لەگەڵ ئەو، ئەم ڕێگەیە ببڕی.
به معراج برآیید گر از آلِ رسولید
رخ ماه ببوسید چو بر بام بلندید
مولانا